دەربارەی بەردەرەش

بەردەڕەش؛ کورتەیەکی مێژوویی

بەردەڕەش یەکێکە لە دەڤەرە مێژووییەكانی كوردستان، کە بەهۆی شوێنی جوگرافیایی و نزیکیی بە ڕووبارەکانی خازر و گۆمەل و پەیوەندیی بە ڕێگاکانی کۆنەوە، لە دێرزەمانەوە شوێنی ژیان، هاتوچۆ و ئاڵوگۆڕی ئابووری مرۆڤ بووە. ناوچەکە ڕووبەرەكەی نزیکەی ٨٩٣ کیلۆمەتر دووجایە و دەكەوێتە نێوان بادینان و سۆران، كە دووریی ڕێگای وشکانیی بەردەڕەش تا ئاکرێ ۳۸٫٥ کیلومەتر، تا موسڵ ٤٦ کیلومەتر، تا هەولێر ٨٦ کیلومەتر و تا دهۆک ۱۰۳ کیلومەترە. بۆیە پێگە جوگرافیاكەی وای کردووە کە بەردەڕەش خاڵی بەیەكەوەبەستنی نێوان ناوچەکانی هەولێر، موسڵ، دهۆك و هەرسێ پارێزگا بەیەكەوە دەبەستێتەوە.
بەڵگە و دۆزینەوە شوێنەوارییەکانی دەوروبەری ناوچەکە نیشان دەدەن کە ژیانی مرۆڤ لەو دەڤەرە بۆ سەردەمە کۆنەکان دەگەڕێتەوە و ناوچەکە لەسەردەمی ماد و میتانی و دواتری ئاشووریدا شوێنێکی گرنگی هەبووە. گرنگیی ئەم شوێنە بە تایبەتی كە سەرەڕێگا بووە و بە ڕووباری زێی گەورە، ڕووبارەکانی خازرو زێی بادینان و گۆمەلەوە دەورەدراوە، ئەمەش بەردەڕەشی کردووە بە بەشێک لە ژینگەیەکی مێژوویی کە لە سەردەمی کۆندا ناوچەکانی ناوەندی میزوپۆتامیا بە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی زاگرۆس و هەولێرەوە دەبەستەوە.
لە گرنگترین ڕووداوەکانی مێژووی ئەم دەڤەرەدا شەڕی گۆگمێلا لە ساڵی ٣٣١ پ.ز بووە. ئەم شەڕە لەنێوان ئەسکەندەری مەقدۆنی و داریۆشی سێیەم، پاشای هەخامنشی، ڕوویدا و بوو بە یەکێک لە گرنگترین شەڕەکانی سەردەمی ئەسکەندەر. زۆرجار ئەم ڕووداوە بە «شەڕی ئەربێلا»ش ناودەبرێت، چونکە ئەربێلا شارێکی ناسراو و نزیک بوو. لە توێژینەوە نوێکاندا تێل گۆمەل لە دەشتی نەوکوڕ و لە نزیک ڕووباری گۆمەل و دامێنی شاخی مەقلووب وەک شوێنێکی زۆر بەهێز بۆ مەیدانی شەڕەکە باس کراوە.
لە مێژووی ناوچەکەدا ڕووباری خازر گرنگیی تایبەتی هەبووە. خازر لە ناوچەی زێبار سەرچاوە دەگرێت و بە تێپەڕبوون لە دەشتەکانی ناوچەکە بە زێی گەورە دەگات. ئەم ڕووبارە لە مێژووی کۆنەوە تەنها سەرچاوەی ئاو و کشتوکاڵ نەبووە، بەڵکو بەهۆی شوێنی خۆیەوە لە هاتوچۆ و ڕووداوە سەربازییەکانیش گرنگ بووە. لە مێژووی دواتردا ناوچەی خازر شاهیدی ڕووداو و شەڕی جۆراوجۆر بووە و ناوی ئەم ناوچەیە لە چیرۆکە مێژووییەکانی ناوچەکەدا بەردەوام دووبارە دەبێتەوە.
بەردەڕەش پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی بە موسڵەوە بەهێز بووە.ئەم دەڤەرە لەسێ بەشی گرنگی ناوكوڕ، بەرەبنی و بۆتان، پێكدێت و كە دەشتی ناوكوڕ لەدەشتە بەپیتەكانی كشتوكاڵە و زۆرینەی دانیشتوانی لە هۆزی گۆران پێكدێت.
لە سەردەمی عوسمانی، بەردەڕەش بەشێک بوو لە ناوچەی کارگێڕی موسڵ و بە پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی بە موسڵەوە گرێدراو بوو. لە ساڵی ١٨٩٠دا لە چوارچێوەی ڕێکخستنی کارگێڕی عوسمانی، بەردەڕەش بوو بە ناحیە و بە ناوی العشائر السبعة ناسرا، کە واتای «حەوت عەشیرەت»ە. دوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی عوسمانی و لە سەردەمی بەڕێوەبردنی بەریتانی و دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، بەردەڕەش هەر وەک ناوچەیەکی کارگێڕی و کۆمەڵایەتیی گرنگ بەردەوام بوو.
لە ١٢ی ئاداری ١٩٩١دا، بەپێی بۆچوونی زۆر لەدانیشتوانی ئەو دەڤەرە وەكو دەروازەی راپەرین لە بادینان حكومەت و دامەزراوەكانی بەعس لە لایەن خەڵكی بەردەڕەشەوە وەدەرنران.
لەدوای ڕاپەڕینەوە بەردەڕەش وەكو ناحیەیەكی سەر بە قەزای ئاكرێ بەردەوام بوو تاوەكو لە 8ی نیسانی 2007دا بە بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی پێنجەم وەكو قەزایەكی سەر بە پارێزگای دهۆك هاتە راگەیاندن، كە پێكدەهات لە هەرسێ ناحیەی كەلەك، دارەتوو و روڤیا.

Back to top button

Share with